Middle East

بەرهەمهێنانی هونەر لە کوردستانی عێراق: توندوتیژی، سیاسەتی جەستە و تێکۆشان بۆ شوێن


ئیزابێل کایسەر و هۆزان مەحموود

Hardi Sabah, no title, oil on canvas, 2021

لە هەرێمی کوردستانی عێراق هونەرمەندان و چالاکوانانی گەنج زێدەتر لە سیاسەتی پێشچەسپێنراوی پارتەکان یان ڕێکخراوەکانی ژنان دووردەکەونەوە و شێوەی نوێی بەشداریکردن دەئافرێنن، بۆ نموونە بەڕێی بەرهەمهێنانی زانیاری هونەریی سەرنج دەخەنە سەر جێندەر،جەستە و سێکسوالیتی. تەحەداکردنی پەیوەندییەکان و نۆرمە کۆنەخوازەکانی جێندەر و پرسیارکردن لەبارەی کێ کام جەستە ڕکێف دەکات- پیاوان، خێزان، حکوومەت، هێزە ئاینییەکان، سەرمایەداریی بەکارهێنەر- تێمای سەرەکی زۆر لەو لێگەڕینە هونەرییانە پێکدەهێنن کە ئێمە بەدرێژایی ئەو پڕۆژەیە شیکارمان کردن. بەگشتی ئێمە پێنج تێمای سەرەکیمان لەناو ئیشە هونەرییەکان دۆزییەوە: 1. توندوتیژی، تەریکبوون، تراوما، 2. تەنیایی ژنان، یان ژنان داوای کات و شوێن دەکەن، 3. بەربینکردنەوەی پەیوەندیی 4. فۆلکلۆر و نەریتی کوردیی هاوچەرخ، ٥. سیاسەتی جەستە پاش 2014.
زۆر لەو هونەرە بەرهەم هاتووەی کە ئێمە بینیمان گەواهیدەری نادادییەکانن کە کورد وەک نەتەوە و بەتایبەتی ژنی کورد چەشتوویەتی و بەردەوام دەیچێژێت: لە بوون بە قوربانیی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەرەوە تا تەریکبوون، خنکان و بێهیوایی کە زۆرینەی وەڵامدەرەوەکانمان لەبارەیەوە قسەیان کرد. ئینستەڵەیشنە دیارەکەی دیاکۆ خاتوون بە ناونیشانی ‘شەرەف پەردەیە’، پێرفۆرمانسێکی گشتی بوو ڕۆڵی پەردەی کچێنی و توندوتیژی بەردەوامی گرێدراوی شەرەف بەرانبەر بە لەشی ژنانی خستبووە ژێر پرسیارەوە. لێڕوانەر بەشێک بوو لە نمایشەکە، شایەتحاڵی ئەوە بوو کە هونەرمەند پەردەکە دەدڕێنێت (پارچەی گەورەی قوماش) و پاشان لێڕوانەر دەیتوانی بەناو شوێنە بڕدراوە جیاوازەکاندا بڕوات.

یەکێکی دیکە لە تێماکان کە دیار بوو لەناو ئەو ئیشە هونەرییانەی کە بۆ ئێمە پیشاندران تەنیایی ژنان بوو، کە ئێمە بەم شێوەیە ڕاڤەی دەکەین وەک گۆزارشتکردن لە داواکاری ژنان بۆ شوێن و تاکێتی لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە بەرگریی لە گرنگێتی و ناوەندێتی خێزانی گەورە دەکات. هەندێک لە ژنان بەسادەیی لە دوور دەڕوانن، بەحەسرەتەوە یان بە چاوی داخراوەوە سەرنجیان خستۆتە سەر ناوەوە یان شەکەتن، ئەوانی دیکە جگەرەدەکێشن و دەخۆنەوە، هەندێ جار بە تەنیا و هەندێ جار لەگەڵ هاوڕێیەک. ئەم نیگارانە پێدەچێ داوای شوێنێک بۆ ژنان بکەن کە بۆ خۆیان بوونیان هەبێت، بەشێوەیەکی کاتی لە سنوورەکانی ناو خێزان و کۆمەڵگە دووربکەونەوە. دوانەکان بەزۆری نیگار دەکرێن؛ هاوڕێکان بەنەرمی لە یەکدی دەچنە پێشەوە، یان جووتەکان لەسەر کۆشی ئەویدین. ئەو نیگارانە پێدەچێ پەیوەندی نزیکایەتی چییە یان دەشێ چۆن بێت پیشان بدەن، نزیکایەتییەک دوور لە چاوی کۆمەڵگە و ڕێگری و نۆرمە کۆنەخوازەکانی دەوری شەرەف/شەرم، دوور لە توندوتیژی و هەر یەک لەناو هێزی خۆیدا پیشان بدات.

نیگارەکانی هونەرمەند هەردی سەباح بۆ یەکەم جار پیاوی کورد بەڕووتی لە دۆخی ڕۆژانەدا وێنە دەکێشێت. ئەمە لە 1980و 1990کاندا مەحاڵ بوو چونکە داکەندنی جلوبەرگ لەبەری پیاواندا بەزۆری پەیوەندیی هەبوو بە زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و سووک‌کردن لەناو زیندانەکانی سەدام دا. ئیشەکانی هەردی تەحەدای بیرۆکە زاڵەکانی دەوری پیاوێتی و بەتایبەتی پیاوێتیی بەسەربازیکراو دەکات، کە دوای چەندین دەیە لە تێکۆشانی چەکداری و جەنگەکان هێشتاش لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەر بوونی هەیە. ئەو پیاوانە پاڵەوانێتی و بەهێزیی بەرجەستە ناکەن، بەڵکوو ئەوان شکستبار و خەمگینن، لەناو ساتە کەسەکییەکاندا بە ئەوانی دیکەوە بەستراونەتەوە.

هونەرمەندە گەنجەکان بەڕێی بەکارهێنانی هۆنراوە، چیرۆک، ئەفسانە، خاڵکوتین، پیشەگەری، پۆشاک و میراتە کولتووری و شوێنەوارییەکان، بەفراوانی دابو نەریت و میراتی وێژەیی نەوەکانی پێشوو دەپشکنن. ئەوان کۆلاژ، گرافیک دیزاین، ڕاڤەکردن و هونەری دیجیتاڵی بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی ‘شێوەیەکی مۆدێرن’ بۆ ئەوەی مێژوو هەنووکەیی بکەنەوە. ئێمە ئەمە وەک لێگەڕینێکی بەردەوام دەخوێنینەوە لەلایەن ئەم نەوە نوێیەوە بۆ ”ناسنامەی کوردی”، پرسیاری ”ئێمە لە کوێوە هاتووین؟” هەروەها هەوڵێکە بۆ لە-کارخستنی-داگیرکاری سەر هونەر، زمان و کەلەپوور بۆ ئەوەی خۆیان لەژێر کاریگەری عەرەب، تورک، فارس و خۆرئاوا دەرباز بکەن (چاوپێکەوتن لەگەڵ هاروون یونس، دهۆک، ٧ی تشرینی یەکەمی 2022؛ چاوپێکەوتن لەگەڵ دیاکۆ خاتوون، سلێمانی، 14ی ئازاری 2022). هەروەها ژنانیش لە پێگەیەکی گرنگ و سەرەکیدان، ڕەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ دۆزینەوەی ”ژیانی کۆیەکی”، کە تێیدا دەسەڵات زیاتر بەیەکسانی دابەشکرا بێت و ڕایەڵەکانی یارمەتی و هاوکاری بەهێزتربن (چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕووز محەمەد، سلێمانی، 27ی کانوونی یەکەمی 2021).

Halala Abubakir, Buka Barana, 2021.

هێرش و توندوتیژیی داعش کە بەخێرایی بەشێکی گەورەی سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستانی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، شۆکێکی فراوانی بۆ ناوچەکە نارد و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەنجانی کورد دانا. ئەوان نەک تەنیا بوونی خۆیان لەناو مەترسی و لەدەستدان بینییەوە، بەڵکوو هەروەها ئەوەشیان خستە ژێر پرسیارەوە کە بە چ شێوەیەک داعش ئیسلام و جەستەی ژنان بۆ سنووردارکردنی سەردەمەکەیان بەکاردەهێنێت (Azeez 2021; Askari 2021). تاوانە ترسناکەکانی داعش یەکەم جار نییە کە ژنانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئەزموونی دەکەن کە پارت و بزووتنەوە سیاسییەکان جەستەی ژنان وەک نیشاندەری ”ئێمە” بەرانبەر ”ئەوان” بەکاردەهێنن، بەڵام ڕەنگە یەکێک لە هۆڤیترین و بەرچاوترین نموونەی مێژووی ئەم دواییە بێت (Al-Ali 2018).

هونەرمەندان لە هەرێمی کوردستان لەو کاتەوە زێدەتر کێشەی ”سیاسەتی جەستە” بەهەند وەردەگرن و سەیری ئەو شێوەیە دەکەن کە تێیدا جێندەر و سێکسوالێتی لە ناوەڕاستی زۆر لە درزەکانی کۆمەڵگەی کوردیدایە کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە خراپتربوونە. لە لایەکەوە، بەئیسلامکردنەوەی کۆمەڵگە لە هەڵکشاندایە، بەڕێی ڕێکخراوگەلێکی کولتووری و سیاسی بەهێز کە هەست دەکەن بەهۆی داعشەوە بەهێزتربوونە، بۆیە گۆتاری گشتییان لە دەوری شەرم و شەرەف خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیان. هەروەها لە ڕێگەی ڕێکخستنی ڤێستیڤاڵی گەورەی حیجاب و باڵاپۆشی و شتی دیکەوە هێزی خۆیان لەناو جەماوەردا دەردەخەن. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەوانەی پێیان دەوترێ ‘مۆدێلەکان’ هەن: کەسێتییە نیمچە-ڕووتەکانی ئینستاگرام، کە لەبارەی شێوە ژیانە کەشخەکەیان پۆست دەکەن، ئەم مۆدێلانە بەزۆری لەلایەن پیاوە دەسەڵاتدارەکانەوە سپۆنسەر دەکرێن. زۆرێک لە وەڵامدەرەوەکانمان نیگەران بوون کە ئەو مۆدێلانە بیرۆکەیەکی هەڵە لەبارەی ئازاد بوون بە کچە گەنجەکان دەدەن، کە تەنیا سەرنجیان لەسەر پارە و شێوەی دەرکەوتنیانە و گرێدراوی پیاون.

کوردستان جوگرافیایەک کە ‘هەرگیز ئارامی دوای ململانێ’ی نەبینیووە، لە ساتی گواستنەوەدایە، نەک تەنیا لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکوو لە ڕووی هونەریشەوە: نەوەیەک لە هونەرمەندانی گەنج بۆ هەڵدانەوە ناسنامەی کوردی، کە ئازاد بێت لەژێر ڕکێفی داگیرکەر، بۆ ڕابوردوو دەگەڕێنەوە. لە کاتێکدا هەنووکە بۆ زۆرێک تەحەموول نەکراوە، داهاتوویەک وێنا دەکرێت کە تێیدا لەشی ژن هیچی دیکە نیشانەی دیندارێتی، پێشکەوتن، ئازادی و بەکارهێنانی سەرمایەداری نەبێت؛ داهاتوویەک کە ژن تێیدا پارێزراو، سەربەخۆ و یەکسان بێت. ئەمە لەلایەن گەنجانی خوێندەوار، پەیوەندیدار و بزێووە دەکرێت کە بەشێوەیەکی کارا هەوڵی بونیادنانی ڕێگەگەلی جێگرەوە بۆ بەشداریکردن دەدەن. تاکوو ئەمڕۆ ئەو دەستپێشخەرییانە بە بچووکی، ناوخۆیی، کەم-پارە و کورتخایەن ماونەتەوە -ئەگەر ئەوان دەرهێڵ بن- بەڵام ئەوان نیشاندەری گۆڕانکارییەکی گەورەن و لە سیاسەتی حیزبی نەریتی و دامەزراوە کولتوورییەکان بەرەو فرەکردنی شوێنەکان بۆ بەشدارییەکی ڕەخنەگرانە دوورکەوتونەتەوە.


This blog post introduces the Academic Collaboration project ‘The Kurdistan Region of Iraq Post-ISIS: Youth, Art and Gender‘, carried out in collaboration with the University of Kurdistan Hewlêr and Culture Project. Isabel Käser is Principal Investigator on the project and Houzan Mahmoud is a Consultant

Print Friendly, PDF & Email



Source link

Related Posts

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *